avatar
قه‌ندیل / شێعرێکی ناسر ئاغابرا
2008 11 10 - 17:54

قه‌ندیل ده‌ڵێ من سه‌ر به‌ ته‌مم، قه‌ندیلم
تا خێڵی کوڕانم ده‌گه‌نێ، هه‌ر دیلم

زۆر هه‌وری ده‌بابه‌م به‌ سه‌را هه‌ڵده‌ته‌قێ
زۆر تیری نه‌یاران له‌ دڵم هه‌ڵده‌چه‌قێ

قه‌ندیل ده‌ڵێ من سه‌ر به‌ ته‌مم، قه‌ندیلم
تا خێڵی کوڕانم ده‌گه‌نێ، هه‌ر دیلم

زۆر ده‌کشێ به‌ سه‌رما، سێبه‌ری داڵاشان
زۆر ده‌ڕژێ به‌ سه‌رما، په‌ڵه‌ خوێنی لاشان

زۆر هه‌وری ده‌بابه‌م به‌ سه‌را هه‌ڵده‌ته‌قێ
زۆر تیری نه‌یاران له‌ دڵم هه‌ڵده‌چه‌قێ

زۆر شه‌و به‌ برینداری له‌ خه‌و هه‌ستاوم
هه‌ر به‌رزه‌ قه‌ڵای کوردم و ڕاوه‌ستاوم

ئه‌و جۆگه‌له‌ ئاوه‌ی که‌ له‌ من ڕاده‌خووشێ
ڕۆڵه‌ی گه‌له‌ وه‌ک سوجده‌ له‌ بۆی ڕاده‌کشێ

کاتێک سه‌ری زامارێ له‌ کۆشی خۆمه‌
شه‌و تا کو به‌یان، بۆ کوڕی خۆم، لۆ لۆمه

هۆ دوندی که‌لیخانی ڕنووپۆشی به‌ سام
یادم که‌، له‌ ژێر هه‌وری ده‌بابان، حه‌به‌سام

دڵ که‌وتووه‌، هێزم نییه‌ بیلاوێنم
سه‌د ڕۆسته‌مه‌ کوژراوه‌ له‌ سه‌ر داوێنم

من باوکم و دڵ پڕ له‌ خه‌م و ئاواره‌
چوار خێڵی کوڕانی بێ به‌شم لێ دیاره

نه‌ورۆزی ڕه‌هایی و هه‌ڕه‌تی هاتی من
ڕۆڵه‌م ده‌وێ بینووسێ به‌ سه‌رهاتی من

قه‌ندیل ده‌ڵێ من سه‌ر به‌ ته‌مم، قه‌ندیلم
تا خێڵی کوڕانم ده‌گه‌نێ، هه‌ر دیلم

gerila-awxwardnewe.jpg